ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا:
“چەک دادەنێین بە مەرجێک سنوورەکانى هەرێمى کوردستان رادەستى سوپاى عێراق بکرێت”
وریا فەتاح
کەتیبەکانی “سەیدولشوهەدا”، 10 خاڵى بە ناونیشانی “عێراق خۆی سەروەری خۆی بێت”، هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر پرسی حەسرکردن و رێکخستنەوەی چەکی گروپە چەکدارەکان ئاشکرا کرد و سەرجەم پرۆسەکەشى بەو 10 مەرجە بەستووەتەوە کە بەشێکیان پەیوەندیان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، ئاماژە بەوە کراوە، هەڵگرتنی چەک بڕیارێکی بێ پاساو نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی بارودۆخێکی واقیعی بووە بۆ بەرگری، بۆیە هەر کاتێک ئەو مەترسی و پاساوانە نەهێڵدرێن، پێویستی بە هەڵگرتنی چەکیش نامێنێت.
یەکێک لە مەرجەکانیى چەکدانانیشیان، کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستانە لەلایەن سوپاى عێراقەوە، ئەوە جگە لە دەرکردنى هێزەکانى پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنى کوردى ئێران.
مەرجەکانی کەتیبەکانی سەیدولشوهەداء بۆ بەشداری لە رێکخستنەوەی چەکدا ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە ئاسمان، زەوی و دەریای عێراق، و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بەجۆرێک کە تەواوی ماف و شایستە دارایی و یاساییەکانیان بپارێزێت و بەهێزیان بکات.
سەپاندنی سەروەریی تەواوەتیی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکان بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا لە باکوورەوە تا باشوور.
بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانیی عێراق بە سیستەمی پێشکەوتوو تا بڕیاری بەرگری لە ئاسمان سەربەخۆ و عێراقی بێت.
دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە (PKK) لە خاکی عێراق بە یەکجاری بۆ بڕینی پاساوی هێرشەکانی تورکیا.
پاشەکشەپێکردنی تەواوی سەرباز و هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراقەوە بۆ ناو سنوورەکانی خۆیان.
رادەستکردنی تەواوی سنوورەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سوپای عێراق و حکومەتی فیدراڵی.
دەرکردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە خاڵەکانی جێگیربوونیان لە باکووری عێراق.
رزگارکردنی بڕیار و سیستەمی دارایی و ئابووریی عێراق لە هەژموون و کۆنتڕۆڵی ئەمریکا.
ڕرگرتنی دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شتومەکی ناوخۆیی و کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی نێردە تایبەتەکانی.
ئەم راگەیەندراوە دەرخەرى بەرزبوونەوەى مەرج و داواکارییەکانى لایەنەکانى بەرەى مقاوەمەیە، چونکە لە 18ـى ئابدا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا تەنها 3 مەرجی دیاریکردبوو کە بریتی بوون لە کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکییەکان، دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.