دوێنێ شەو چی روویدا؟
هەسەدە هەڵوەشایەوە و زمانی کوردیش دەچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندنی سوریا
ژووری هەواڵ
لە شەوی رابردووەوە تا ئێستا هەرچییەک روویداوە لە ناوخۆ و دەرەوە کورت و پوخت لێرە بیخوێنەوە؛
📌مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی “هەسەدە”، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر و تێکەڵبوونی تەواوەتییان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا راگەیاند، بەمەش کۆتایی بە بوونی ئەو هێزە وەک رێکخراوێکی سەربەخۆ هێنا.
📌مەزڵوم عەبدی دوای هەڵوەشاندنەوەی “هەسەدە” رایگەیاند، دەیانەوێت گواستنەوەیەکی راستەقینە لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی ئەنجام بدەن.
📌 تۆم باراک: دیدگای کۆتایی بۆ سوریا لەسەر بنەمای “یەک سوپا، یەک حکومەت و یەک دەوڵەت” بونیاد نراوە، ئامانجەکە بەهێزکردنی سەروەری و یەکپارچەیی سوریا و کۆتاییهێنانە بە دابەشکارییەکانی رابردوو.
📌ئاژانسی هەواڵی سانای سوری بڵاویکردەوە، زمانی کوردی وەک بەشێکی فەرمی و رێکخراو دەچێتە ناو ناوەندەکانی خوێندن لەو وڵاتە و ئەمەش بڕیارێکە لەگەڵ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026- 2027 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
📌سکای نیوز: بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە، نزیکەی 20 تانکەری نەوتی ئێران لە کەناراوەکانی سریلانکا گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەمەش نیشانەی پەککەوتنی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە.
📌وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کرد بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە سەبارەت بە بڵاوکراوەکانی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە.
📌عێراقچی: پێشنیاری دروستکردنی رێڕەوێکی نوێ و پاککردنەوەی هاوبەشی مینەکان لە گەرووی هورمز، باشترین نموونەیە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەیە لە داهاتوودا.
📌بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئاکسیۆس”، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە هاوپەیمانەکانی راگەیاندووە کە واشنتن لە ئێستادا پلانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێرانی نییە و تەنیا سەرنجیان لەسەر سزا و گەمارۆ دەریاییەکانە.
📌بەپێی ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتەر”، ئیسرائیل پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر سوریا دەکات و تاوتوێی شێوازەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی دەکات.
📌وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ لەگەڵ پەرەسەندنی کێشەکانی لەگەڵ کەنەدا، هەڕەشەی گۆڕینی ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆی کردووە بۆ دەریاچەی “ئەمریکا”.
📌ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە: پاککردنەوەی مینەکان و زیادبوونی هاتوچۆی تانکەرە نەوتییەکان، هەژموونی ئێرانیان لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
📌بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەیەکی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، لانی کەم 15 کۆرپەلە گیانیان لەدەستدا.
📌دۆڵی پارتۆن، ئەستێرە و سیمبولی موزیکی “کانتری”، لە تەمەنی 80 ساڵیدا لە شاری ناشڤیل کۆچی دوایی کرد.
📌بەڕازیل بەهۆی پێشێلکاری لە پاراستنی زانیارییەکانی منداڵان و مێردمنداڵان، بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار غەرامەی بەسەر کۆمپانیای “بایت دانس”ی خاوەنی تیکتۆکدا سەپاند.
📌بەهۆی کەمبوونەوەی کوتان و زیادبوونی تووشبوون، لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دوو کەس بە سورێژە گیانیان لەدەستدا، کە ئەمانە یەکەم حاڵەتی مردنن بەو نەخۆشییە لە ساڵی 2026دا لەسەر ئاستی ئەمریکا.