بەبۆنەی مەولودەوەیە

سبەی لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە رێگاکانی ناوشار دادەخرێن

ژووری هەواڵ

هاتوچۆی هەولێر ئاگاداری خەڵک و شۆفێرانی شار دەکات سبەی لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە هەتا کاتی چۆڵبوونی شەقامەکان. هەموو رێگاکانی سەنتەری ناو شار دادەخرێن و رێگا بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت.
سبەی سێشەممە 25.08.2026 یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرە، لە دەورەبەری قەڵاو لە باقی شەقامە سەرەکییەکانی سەنتەری شار هەر لە بەیانی زووەوە بۆنەو مەراسیمی جۆراوجۆر رێک دەخرێت، هەر بۆیە هاتوچۆ ئەم بڕیارەی داوەو تەنیا رێگە بە پیادەڕۆ دەدرێت، تا ئەو کاتەی یادەکە تەواو دەبێت و شەقامەکان خاڵی دەبنەوە لە هاتوچۆی پیادەڕۆ.
هەولێر کردوویەتی بە عادەت، هەموو ساڵێک لە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەردا خەڵک یادەکە دەکەنەوەو شیرینی دابەش دەکەن، چەقی بۆنەکەش لەدەوربەری قەڵایە.
سوڵتان موزەفەر کە لەسەردەمی ئەیوبییەکاندا فەرمانڕەوای هەولێر بووە، یەکەم کەس بووە کە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری بە فەرمی و بەو گەورەییە کردووەتەوە، ئیتر لەو کاتەوە شارەکەی سوڵتان موزەفەر دەستی لەو نەریتە هەڵنەگرتووە.