"منداڵێک ملیۆنێک و 800 هەزاری لە ماڵەوە بردووە"
یارییە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە سەر ئێشە بۆ خێزانەکان
میلاد جەلال – گەرمیان
یارییە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە سەر ئێشە بۆ خێزانەکان و منداڵەکانیان بەلاڕێدا دەبەن، پۆلیسی گەرمیان رێنمایی دەداتە دوکانداران و داوایان لێ دەکات، پۆینت و ئەو جۆرە یاریانە بە منداڵان نەفرۆشن.
سۆران حەمەغەریب وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ـی وت، “لە رۆژانی رابردوو چەندین کەیسمان ھاتۆتە بەردەست، دایک و باوک ھاتوونەتە لامان کە منداڵەکانیەن بەبێ ئاگادری ماڵەوە پارەیان بردووە و داویانە بە پۆینت”.
“دایک و باوکێک ھاتنە لام، منداڵەکەیان ملیۆنێک و 800 ھەزار دیناری لە ماڵەوە بردبوو بۆ کڕینی پۆینت، خێزانەکان لەبەر تێکنەچونی شیرازەی ماڵەوەیان، سکاڵا تۆمار ناکەن”، سۆران حەمەغەریب وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھەر دوکاندارێک پۆینت بە منداڵ و مێردمنداڵ بفرۆشێت بەبێ ئاگاداری خێزانەکەی، ئەوا توشی لێپێچینەوە و دادگای دەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری