دوێنێ شەو چی گوزەرا؟

قورسترین گەمارۆی ئابووری ئەمریکا بۆ سەر ئێران و غازە ژەهراوییەکەی کەرکوک

شۆڕش قادری

قورسترین گەمارۆی ئابووری ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستپێدەکات و تمەن بەیەکجاری داڕما، غازە ژەهراوییەکەی کەرکوکیش کۆنتڕۆڵ کرا، کورت و پوخت پێتان دەڵێین، شەوی رابردوو چی روویدا.

سکۆت بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی ئابووری چارەنووسساز دژی ئێران دەستپێدەکات.

بێسێنت: دەچینە قۆناغی کۆتایی یارییەکە و گەورەترین هێرشی دارایی کە تاوەکو ئێستا دژی دوژمنێک بەکارهاتووە، دەستپێدەکات، بە ئامانجی بڕینی هەموو ئەو سەرچاوە ئابووریانەی کە رژێمی تاران دە‌هێڵێتەوە.

لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کاربەدەستانی ئەمریکا، دراوی ئێران بەیەکجاری داڕما و نرخی هەر 100 دۆلارییەک لە ناوخۆی ئەو وڵاتە 20 ملیۆن تمەنی ساف کرد.

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا: سەرەڕای هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز، توانیومانە رۆژانە حەوت تا 15 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووەکەوە دەرباز بکەین.

جەی دی ڤانس: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شێوازی جۆراوجۆری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەستدایە و هەندێکیان لە بواری ئابووریدان و یەکلاکەرەوەن.

میدیای فەرمی سوریا: شاندێکی باڵای سوریا بەسەرۆکایەتی ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە چوونەتە ئوردن و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل کۆبوونەتەوە.

میدیای سوریا: دانیشتنەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا و بۆ چارەسەرکردنی گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان دیمەشق و تەلئەبیب ئەنجام دراوە.

لە ناوخۆش ئەم هەواڵانە هەبوون؛

درەنگانی شەوی رابردوو لە لە کێڵگەیەکی نەوتی خەبازەی کەرکوک، بیری ژمارە 46 غازێکی ژەهرای بڵاوبووەوە، تیمی پاراستن و ئاگرکوژێنەوە بە بڵندگۆ دانیشتووانی گوندەکانی دەورووبەری کێڵگەکەیان ئاگادارکردەوە کە کەس نەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی ژەهراوی نەبن تا چارەسەر دەکرێت.

سەرچاوەیەک لە دەستەی کارگێڕی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ 964: کێشەکە چارەسەر کراوە و و بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندازیاران و تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیاکەمان غازە ژەهراوییەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەهۆی دەستکاریکردنی تەقەمەنی لە گوندی کڵێسەی سەربە ناحیەی ئاشتی چوار گەنج بریندار بوون، برینی یەکێکیان سەختە.

بەرپرسی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید: درەنگانی شەوی رابردوو چوار گەنج بە برینداری گەیەنرانە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی دەستکاریکردنی تەقەمەنیەوە بریندارببوون، دوای چارەسەری سەرەتایی دووانیان رەوانەی هەولێر کران.

“دیاکۆ هەڵۆ: برینی یەکێک لەو دووانەی کە رەوانەی هەولێر کراون سەختە و دووانی تریشیان ئێستا لای خۆمان ماون و چارەسەر وەردەگرن.

لە نزیک گوندی دارهۆزانێ سەربە ناحیەی دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو ئۆتۆمبێل و تراکتۆرێک پێکیاندادا و حەوت کەس برینداربوون.