"ئەمشەو شێخێک لە سلێمانى دەستگیردەکرێت"

لە رووماڵەوە بۆ زیندان؛ چیرۆکى رۆژنامەنوسێک لە رووداوەکەى لالەزاردا

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

محەمەد دڵشاد، پەیامنێری پێشووى کەناڵی زووم، چیرۆکى شەوى رووداوەکانى 22ی ئابی 2025 لە سلێمانی بۆ 964 دەگێڕێتەوە. ئەو شەوەی کە بە ئاڵوگۆڕێکی سادەی کاتی کارکردن دەستی پێکرد، بۆ محەمەد بووە سەیرترین ئەزموونی ژیانی. لە کاتێکدا سەرقاڵی رووماڵکردنی رووداوە ئەمنییەکانی تایبەت بە پرسی دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری لێکرا و دەستگیر کرا.

محەمەد دەڵێت، بەبێ ئەوەی بزانێت بۆ کوێ دەبرێت، جلی پرتەقاڵی زیندانییەکانیان لەبەر کردووە. دوای تێپەڕبوونی رۆژێک،فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرکراوە.

دوای دوو شەو لە زیندان، کاتژمێر 3ی بەیانی بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە، بەبێ ئەوەی بزانێت لەو ماوەیەدا چی بەسەر شارەکە و کەناڵەکەیدا هاتووە. هەربۆیە تا دەگاتەوە ماڵەوە شۆفێرى تاکسییەکە رووداوەکانى پێدەڵێت.

وتیشى،”ئێوارەى رووداوەکە نەمدەزانى چى روودەدات، بەڵام هاوڕێیەکى پەیامنێرم پێى وتم، ئەمشەو یەکێک لە شێخەکانى سلێمانى دەستگیر دەکرێت”.

رووداوى لالەزار، دەگەڕێتەوە بۆ 22ـى ئابى 2025، کاتێک هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى بۆ دەستگیرکردنى لاهور جەنگى، هەڵیانکوتایە سەر هۆتێل لالەزار و دواى شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکى زۆر، لە بەرەبەیانیدا لاهور شێخ جەنگى و پۆڵادى برایى و ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانى دەستگیرکران.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح