بەڵام، دوو ساڵ زیاتر مردووە

سەربەست بامەڕنى، شەش ساڵ زیندانى بۆ بڕایەوە

فەرهاد حەسەن

دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویکردەوە، کە دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ بریکاری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق دەرکردو، بەهۆی سەرپێچیکردنی لە گرێبەستێکی تایبەت بە نیشاندانی “گەنجینەی نەمرود” لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا، بەڵام دادگا بێ ئاگایە لەوەى ئەو کەسە دوو ساڵ زیاترە مردووە.

گەنجینەی نەمرود، یەکێکە لە پڕبایەخترین و دەگمەنترین شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان، کە پێکهاتووە لە سەدان پارچە زێڕ، مرواری و خشڵی گرانبەهای سەردەمی ئاشوورییەکان و لە ساڵی 1988 لە ناوچەی نەمرودی پارێزگای نەینەوا (باشووری موسڵ) دۆزراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20.8.2026، دەستەی دەستپاکی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دادگای تاوانەکانی کەرخ بڕیاری سزادانی بەشێوەی “ئامادەنەبوو” بۆ تۆمەتباری هەڵاتوو (سەربەست عومەر حەسەن) دەرکردووە، کە پێشتر پۆستی بریکاری وەزیری رۆشنبیریی عێراقی هەبووە.

دۆسیەکە پەیوەندی بە گرێبەستێک هەیە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، کە وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی دانیمارکی واژۆی کردبوو.

ئامانجی گرێبەستەکە گواستنەوە و نیشاندانی “گەنجینەی شوێنەواریی نەمرود” بوو لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لە رێکارەکانی گرێبەستەکەدا سەرپێچیی یاسایی کراوە و زیان بە سامانی گشتی گەیشتووە.

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بینینی بەڵگەکان و وتەی شایەتەکان، دادگا تۆمەتبارەکەی بەپێی مادەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراق (ژمارە 111ـی ساڵی 1969) سزاداوە.

ئەو هەواڵە لە کاتێکدا کە سەربەست عومەر کە ناسراوە بە سەربەست بامەڕنى، 24ـى تەمموزى 2024، لە ئەڵمانیا کۆچى دوایى کرد.