بە ئابڕوچوونێکی گەورە باسدەکرێت

ناوی 2305 تیرۆریست و 471 بەعسی لە لیستی شەهیدانی عێراقدا ئاشکرا کراوە

فەرهاد حەسەن

سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، پەردەی لەسەر یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی ساختەکاری و گەندەڵی لادا و دەڵێت، بەهۆی تێپەڕاندنی مەلەفی ساختەوە، زیاتر لە سێ تریلیۆن دیناری دەوڵەت لەلیستی شەهیدان بەهەدەر دراوە.

عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی (العراقية) ئاشکرای کرد دوای ووربوونەوە و پشکنین کرادنیان بۆ لیستی شەهیدان بۆیان دەرکەوتووە کە زیاتر لە 22 هەزار دۆسییەی ساختە لە ناو دامەزراوەی شەهیداندا دۆزراونەتەوە.

وتیشی “لە ناو لیستەکاندا، ناوی دوو هەزار و 305 تیرۆریست و 471 ئەندامی بەعسی دۆزراوەتەوە، کە مانگانە موچەیان پێدراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە گەندەڵی بە ئەنقەست و لاوازیی چاودێری هۆکاری تێپەڕبوونی ئەم ناوانە بووە و ئەم ساختەکارییانەش بووەتە هۆی بەهەدەردانی سێ تریلیۆن و 200 ملیار دینار لە سامانی گشتی.

ئاشکراشی کرد، کە تاوەکو ئێستا 27 هەزار و 400 دۆسییەی گوماناوی بە تەواوی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.

بە قسەی سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان، پارێزگای ئەنبار گەورەترین رێژەی ساختەکاری تێدا تۆمارکراوە و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە دەریانخستووە کە لەو پارێزگایە بڕوانامەی مردن بۆ 20 هەزار کەس دەرکراوە بێ ئەوەی هیچ تەرمێکیان هەبێت و تەنیا لەو پارێزگایەدا 14 هەزار و 200 کەس وەک “مردوو” تۆمارکراون بۆئەوەی کەسوکاریان مووچە وەربگرن.