لە عەنکاوە ڤێستیڤاڵی سەبەتەی ترێ بەڕێوەچوو؛ 52 جۆر ترێ نمایش کران

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

بۆ سێیەم ساڵی لەسەر یەک، ڤێستیڤاڵی سەبەتەی ترێ لە شارۆچکەی عەنکاوە بەڕێوەچوو، کە تێیدا 52 جۆری جیاوازی ترێ نمایش کران کە سەرجەم بەرهەمەکان هی باخێکی 20 دۆنمی یەک جووتیاری ناوچەکەن.

زیاد سەلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی مەرعۆدا لە عەنکاوە بە 964ـی راگەیاند: ڤێستیڤاڵی ئەمساڵ جیاوازترە لە ساڵی رابردوو، چونکە تەواوی 52 جۆرە ترێیەکە بەرهەمی یەک باخە و 20 جۆریان ترێی بێناوکن.”

سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیاران ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئاستی ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان لە ئاستی پێویستدا نییە و گوتی: “بەداخەوە بازاڕمان باش نییە، ئەوەش بەهۆی هێنانی ترێی باشوورەوە، لە کاتێکدا ترێی ئەم ناوچەیە زۆر لە هی باشوور بەتامترە، باخەکە هی ئامۆزایەکمە و رەزەکەی پشت بە پشت لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە.”

نەزار شێر، هاوڵاتییەکی کریستیانی دانیشتووی شەقڵاوە بە 964ـی وت: “ئێمە لە شەقڵاوە خۆش ناوین و رەزی خۆمان هەیە، بەڵام ئەم مەزرەعەیە توانیویەتی تەواوی جۆرەکانی ترێ لە یەک شوێن کۆبکاتەوە.”

لە پاڵ خستنەڕووی جۆرەکانی ترێ، لە ڤێستیڤاڵەکەدا بەرهەمی ناوخۆیی دیکەی وەک سرکەی سێو، مێوژ، هەنگوین و نانی کوردی خراونەتەڕوو.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح