لە خانەقین چەندین گەڕەک خەریکە دەبنە زبڵخانە

میدیازان – زینوێ راوی – هەولێر

زبڵ و خاشاک لە بەشێکی گەڕەکە نزیکە بازاڕەکانی ناو شاری خانەقین بە شێوەی بەرچاو بڵاوبووەتەوە، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، دواکەوتنی موچە هۆکارەکەیەتی.

وەکو لە وێنەکەدا دیارە، ئەوە گەڕەکی “کۆردەرە”یە، زبڵ و خاشاک لە کۆڵان و شەقامەکان کەوتوون.

عەلی عەدنان، دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە، بە میدیازانی وت، “وامان لێهاتووە نەتوانین بە ئاسانی هەناسە هەڵبمژین، بەهۆی بڵاوبوونەوەی زبڵی زۆر”.

هەروەها گلەیی هەبوو لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی خانەقین، کە وەکو پێویست گەڕەکەکان پاک ناکەنەوە.

لەلایەکی دیکە، سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانی قەزای خانەقین بۆ میدیازانی روونکردەوە، وتی دواکەوتنی موچەی کارمەندانی پاککەرەوە هۆکارەکەیەتی.

ئەو بە دیاریکراوی وتی، “ئێمە بەردەوامین لە هەڵمەتی پاککردنەوەی خۆڵ ۆ خاشاکی گەڕەکەکان و هیچ کەمتەرخەمیش نەبووین، بەڵام هۆکارەکەی بۆ دواکەوتنی موچەی کرێکارەکان دەگەڕێتەوە کە ئەوانیش مافی خۆیانە”.

بە سۆراغی میدیازان، موچە و دەرماڵەی شارەوانی خانەقین و کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.