"بڕیاری رووخاندنیان لەدەست ئێمەدا نییە"
چەند خانوویەکی زیادەڕۆ لە کەرکوک رووخێندران
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ناوبەناو لێژنەی زیادەڕۆییەکانی کەرکوک بە ناو شاردا دەسوڕێنەوە و لە هەرکوێ بینای نوێ لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکرابێ، دەیڕوخێنن، ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە لە گەڕەکی کۆبانێ سێ خانووی تەواو نەکراوی رووخاند.
سەلمان ئەحمەد بەرپرسی بەشی زیادەڕۆیی لە پارێزگای کەرکوک بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ سێشەممە 18.8.2026 ویستمان دوو خانوو کە سەقفیان گیراوە، لەگەڵ چوار هەیکەل واتە، خانووی تەواونەکراو کە لەسەر زەوی شارەوانی دروست کراون، بڕوخێنین، بەڵام راوێژکاری پارێزگاری کەرکوک هاتە شوێنەکە و هانی هاوڵاتیانی دەدا رووبەڕووی لیژنەکە ببنەوە”.
“دواجار سێ لە هەیکەلەکانمان رووخاند و بۆ ئەوانی دیکە دەبێ دادگا و دادوەر بڕیاریان لەسەر بدەن”، سەلمان ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری لابردنی خانووی زیادەڕۆ لەدەست ئەواندا نییە و زۆرجار هاوڵاتیان ئەو خانووانەی کە بە نایاسایی و لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستیان کردوون، هەرزوو ژن و منداڵیان تێدەکەن، بۆ ئەوەی لێیان تێکنەدەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری