بە هاوکاریی زانکۆی سەلاحەدینە

بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین لە وڵاتی چین کرایەوە

فەرهاد حەسەن

راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بڵاویکردەوە کە بە هاوکاری زانکۆکەیان، بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین لە وڵاتی چین کراوەتەوە.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە هەنگاوێکی ئەکادیمیدا کە ئامادەیی زمان و کلتووری هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات، بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین لە کۆماری گەلی چین، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین کرایەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەم بەشە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خوێندنە بیانییەکانە و ئەمەش دەبێتە یەکەم بەشی کوردی لە تەواوی وڵاتی چین، باسی لەوەشکردووە کە زانکۆی سەلاحەدین لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بەشی زمانی چینی کردووەتەوە و لە ئێستادا ئەو بەشە قوتابی و دەرچووی هەیە.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین روونیکردەوە، لە ماوەی رابردوودا، سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە کونسوڵی وڵاتی چین و سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین کرد و سەرۆک بەشی ناوبراو ماوەی چوار مانگ لە زانکۆی سەڵاحەدین مایەوە و خولی ئەکادیمی سەبارەت بە زمانی کوردی وەرگرت و بەشداری ژمارەیەک چالاکی زانکۆی کرد.

باسی لەوەکرد، کە وردەکارییەکانی ئامادەکاری بۆ ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتییە دەگەڕێتەوە بۆ دیداری سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین لەگەڵ قونسوڵی چین و سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی پەکین.

ئێستا لە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین زیاتر لە 100 قوتابی دەخوێنن و تاوەکو ئێستاش دوو خولی دەرچووان هەبووە، وا بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا خولی سێیەمی خوێندن تەواو بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولا دەبیندرێت.