مەلەکردنی منداڵان و کلۆر و کارەبا

ئاوى قولەی رانیە مەترسی روودانی کارەساتی مرۆیی لە پڕۆژەکەیان رادەگەیەنێت

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتى ئاوى ئیدارەی راپەڕین لە زاری کارمەندانى پڕۆژەى ئاوى قولە مەترسی روودانی کارەساتی مرۆیی لە پڕۆژەکەیان رادەگەیەنن، کە بەهۆی بونی منداڵان لەو سەرچاوەیە و مەلەکردنیان مەترسییەکان دروستبووە.

ئاماژە بەوەکراوە، کە رۆژانە کۆمەڵێک منداڵ لە بەشی دواوەی پڕۆژەکە (ئەو شوێنەی ئاوە زیادەکەی لێدەرژێت) خەریکی مەلەکردنن، کە ئەمەش دوو مەترسی زۆر گەورەی لەسەر گیانیان دروستکردووە:

لەو بەشەدا کێبڵی کارەبایی پەستاو بەرز و ئامێری غەتاسی لێیە، بچووکترین لێچوونی کارەبا لە ناو ئاودا دەبێتە هۆی کارساتێکی ناخۆش و لەدەستدانی گیانی منداڵەکانتان.

هەفتانە و بە بەردەوامی پرۆسەی پاکژکردنەوە بە کلۆر لە پڕۆژەکەدا ئەنجام دەدرێت، بەرکەوتنی راستەوخۆی کلۆر لەگەڵ پێست و چاوی منداڵ، یاخود خواردنەوەی ئەو ئاوە، دەبێتە هۆی ژەهراویبوون، سووتانی پێست و زیانی قورس بۆ بۆری هەناسەدان.

کارمەندانی پڕۆژەی ئاوی قولە دەڵێن، ئەرکی سەرەکیان گەیاندنی ئاوی پاکە بە ماڵان، چەندینجار ئاگاداری منداڵەکانیشیان کردۆتەوە، بەڵام پاراستنی راستەوخۆی گیانی منداڵەکان لە ئەستۆی هەمووماندایەو هاوبەشە و هۆشیاری ئێوەی پێویستە.

​تکا لە دایکوباوکان دەکەن، پێش ئەوەی کارساتێک روو بدات، رێگری لە منداڵەکانیان بکەن و رێگەیان پێنەدەن بە هیچ جۆرێک لە دەوروبەری پڕۆژەکە مەلە بکەن.

لەوەش مەترسیدارتر ئەویە کە منداڵەکان لە بنی دەرگاکان دزە دەکەن و دێنە ناو پڕۆژەکە و سابونێکی زۆر فڕێدەدەنە ناو پڕۆژەکە لەکاتێکدا ئەو ئاوە ئاوی پاکەو بۆ ماڵان بەڕێدەکرێ، کارمەندان دەڵێن “ئێمە لە پڕۆژەکە کۆمەڵێ کارو ئەرکی قورسمان هەیە حەرەس گرتنی ئەو منداڵانە ئەوەندەی دیکە کاری قورس کردوین داواکارین ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکرێ”.