"بە گۆرانییەکانم گریاون و ئاشتبوونەتەوە"

هونەرمەندێکی کۆن لەسەر شەقام ئاواز و گۆرانی دەڵێت

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

هونەرمەندی دیاری کوردستان و سلێمانی، كاروان ئەحمەد كە ساڵانێكی زۆرە خەڵکی کوردستان بە دەنگی ئاشنان، ئێستا لەسەر سەرشەقام و لە پاركی ئازادی تا درەنگانی شەو گۆرانی دەڵێت.

لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی ئیشەكە و ماوەی دەستپێكردنی، كاروان ئەحمەد قسەی بۆ پەیامنێری 964 كردووە و دەڵێت، “نزیکەی دوو مانگە هاتوومەتە ئەم شوێنە و ویستم دوور لە جەنجاڵێ و لەناو سروشت و ژینگەیەكی پاكدا چێژ لە هونەر وەربگرم”.

“رۆژانە لە كاتژمێر 6ـی ئێوارە تا کاتژمێر 12ـی شەو ئەو گۆرانیانە پێشكەش دەكەم كە نزیكە لە هەست و رۆح و ژیانی شارەكەم و یادەوەریەكانییەوە”، کاروان ئەحمەد وادەڵێت.

ئەو پێیوایە كارەکەی چەندە بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیەتی، ئەوەندەش بۆ خزمەتكردنی شارە حەیاتەکە و دڵخۆشكردنی خەڵكە.

وەک خۆی دەڵێت، زۆر جار هەبوو کەسانێک بەلایدا تێپەڕیوەن و بۆ گۆرانییەکانی گریاون، یان هەندێک جار دەنگ و گۆرانییەکانی بوونەتەهۆی ئاشتبوونەوەی ئەو کەسانەی شەڕ و دەمەبۆڵەیان بووە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری