"وەعدیان داوە ڤیزەکەم بۆ وەرگرن"
964 دەرگای بۆ رێبوار رەحیم کردەوە و بە هانای چاوییەوە هاتن
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
دوای ئەوەی 964 سەردانی هونەرمەند رێبوار رەحیمی کرد و داوای ڤیزەی کرد بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی دواجار لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە بەڵێنی پێداوە کە بیبەن بۆ دەرەوەی وڵات و خۆشی دەڵێت؛ خوا رەحم بکات.
رێبوار رەحیم لە تاران گەڕاوەتەوە جارێکی تر دەرزیان بۆ چاوەکانی کردووە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی، کەسانی دڵسۆز و خێرخواز پەیوەندییان پێوەکردووم و چاویان ماچ دەکەم و هەمووان دەڵێن، بەس بگەیتە لای ئێمە خۆمان هەموو شتێک بۆ دەکەین، بەڵام گلەیی لە هونەرمەندان ناکەم و خۆشیان نەخۆشن، ئەوەی مەبەستی بێت سەردانم دەکات و ئەوەشی نەهاتووە گلەیی لێناکەم.
لە بارەی نەخۆشییەکەوە و دوا سەردانی بۆ تاران دەڵێت، دەرزیان بۆ کردمەوە تا چاوی چەپم کوێر نەبێت و ئەگەر نا دەبێت شوشەی بۆ دانێن و تەمەنی منیش بەرگەی ئەو چاوە تازەیە نەگرێت.
لە چاوپێکەوتنی دوو هەفتەی رابردوودا رێبوار رەحیم، داوای هاوکاری لە حکومەت کرد کە تەنیا ڤیزەیەکی 15 رۆژی بۆ بکەن، چونکە توانای چوونە دەرەوەی کەم بووەتەوە و بەتەنیا ناتوانێت و هیچ شوێنێک بکات و دەڵێت، ئەگەر چارەسەر نەبێ بۆ خۆم لەم گۆشەیە دادەنیشم و کوێر دەبم و تەنیا رەحمی خوا.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح