"رێکاری توندی یاسایی دەگیرێتەبەر"
لێکۆڵینەوە لە رووداوی سەربڕین و فڕێدانی ئەسپێک لەسەر شەقام دەکرێت
شۆڕش قادری
لێکۆڵینەوە لە رووداوی سەربڕین و فڕێدانی ئەسپێک لە شەقامی تانجەرۆی سەربە پارێزگای سلێمانی دەکرێت و ئەنجامدەرانی ئەو کارە رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبنەوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی وێنەی ئەسپەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی رووداوێکی نەخوازراو بڵاوبووەوە، کە تێیدا ئەسپێک بە سەربڕدراوی لە نزیک شەقامی گشتیی تانجەرۆی سەربە ناحیەی عەربەت فڕێدرابوو، دەستبەجێ بەدواداچوونمان دەستپێکرد .
دوای ئاگادارکردنەوەیان، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بەدواداچوونی وردیان دەستپێکردووە و لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شارەزوور پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری سەرەکیی ئەو رووداوە و ئاشکراکردنی هۆکاری سەربڕینی ئەسپەکە و فڕێدانی لە شوێنی گشتیدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە بێبەزەییانە بەرامبەر ئاژەڵان رەفتار بکات یان ژینگە و تەندروستیی گشتی بخاتە مەترسییەوە.