هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێکیان وەک هێرش بۆ سەر هەمووان هەژمار دەکرێت
سعودیە، تورکیا و پاکستان رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد
ژێوار خدر
سعودیە، تورکیا و پاکستان رێککەوتننامەی مەککەیان بۆ بەرگریی هاوبەش واژۆ کرد، کە بەپێی بڕگەکانی هەر هێرشێکی چەکدارانە بۆ سەر یەکێک لەو وڵاتانە، وەک هێرش بۆ سەر هەرسێ لایەنەکە هەژمار دەکرێت و وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵیان دەبێت.
میدیا عەرەبییەکان رایانگەیاند، حەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە شاری مەککە رێککەوتننامەیەکی مێژووییان ئیمزا کرد، ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە بەهێزکردنی توانای وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵە لە بەرامبەر هەر پەلامارێکی دەرەکی کە رووبەڕووی هەر وڵاتێکیان ببێتەوە.
ئەم رێککەوتنە سێ قۆڵییە گۆڕانکارییەکی گەورە لە هاوسەنگییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا دروست دەکات، چونکە بەپێی رێککەوتننامەکە، وڵاتانی واژۆکار پابەند دەبن بە پاراستنی یەکتر و هاوکاریکردنی یەکدی لە بواری بەرگریدا، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هەڕەشە ئەمنییەکان دەبینرێت.