ئەو کارە گەورەیەى پزیشکێکى کورد ئەنجامیدا

لوتەکە بە ناوچەوانییەوە چێندراوە؛ گەنجەکە باسى دەکات

ئەمەل ناجى- هەڵەبجە

لەماوەى رابردوودا، چاندنەوەى لوت بۆ گەنجێکى هەڵەبجە، بووە باسوخواسى خەڵک و میدیاکان کە پزیشکێکى کورد توانیویەتى بەسەرکەوتوویى ئەنجامى بدات. ئەو گەنجە قسەى بۆ 964 کردووە و باسى لوتە نوێکەى دەکات کە تەندروستى زۆر باشە.

دێرین والی، گەنجێکی خەڵکی گوندی خێڵی حەمەیە لە پارێزگای هەڵەبجە، ساڵی رابردوو بەهۆی بەرکەوتنی بە تەزوویەکی بەهێزی کارەبا، لە مردنێکی سەداسەد گەڕایەوە، بەڵام رووداوەکە وایکرد 95%ـی لووتی بسووتێت و لەدەستی بدات. ئێستا بە نەشتەرگەرییەکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەن، لەسەر ناوچەوانی خەریکە لووتێکی نوێی بۆ دروست دەکرێتەوە.

دێرین لە پاش رووداوەکە بڕیار دەدات روو لە دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام تەنیا بۆ وەرگرتنی راوێژ سەردانی پزیشکێکی پسپۆڕ دەکات بە ناوی (دکتۆر دیار). دکتۆرەکە پێی دەڵێت “پێویست بە سەفەر ناکات، خۆم لێرە بۆتی دەکەم”.

نەشتەرگەرییەکە پرۆسەیەکی تەندروستیی زۆر قورس و ئاڵۆزی تێپەڕاندووە. دکتۆر دیار هەستاوە بە بڕینی بەشێک لە کڕکڕاگەی پەراسووی دێرین و دواتر کڕکڕاگەکەی لەژێر پێستی ناوچەوانیدا چاندووە. ئامانجەکە ئەوەیە ئەم کڕکڕاگەیە لەگەڵ پێستی ناوچەوانیدا گەشە بکات و یەکبگرێت، بۆ ئەوەی دواتر وەک لووتێکی ئامادەکراو ببڕدرێت و بهێنرێتە خوارەوە بۆ جێگەی سروشتیی لووتی خۆی.

لە ئێستادا لووتە نوێیەکەی ناوچەوانی دێرین دۆخی تەندروستیی زۆر باشە و هیچ کێشەیەکی نییە، پرۆسەکەش لە قۆناغی چارەسەردایە. هەروەها بڕیارە لە داهاتوودا چەند قۆناغێکی دیکەی نەشتەرگەری بۆ بکرێت، بەتایبەتی قۆناغی گواستنەوە بۆ شوێنی خۆی و رێکخستنەوە و جوانکاری، تاوەکو دێرین بەتەواوی شێوەی سروشتیی خۆی وەربگرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح