"بەهۆی گەرماوە"

لە سەربازگەی تاجی بەغدا تەقینەوە روویدا

964+

توانا نەقی

شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند کە تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی لە بەغدای پایتەخت روویداوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگری تەقینەوەکە دەدەن.

سەعد مەعن سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە بنکەی سەربازی تاجی روویداوە و بەهۆی گەرماوە کۆگایەکی تەقەمەنی تەقیوەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنەکەن.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاگر لە ناو یەکێک لە کۆگاکانی کەمپی تاجی کەوتەوە، کۆگاکە تەقەمەنی سەر بە فیرقەی زرێپۆشی 9ـی تێدابوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، راستەوخۆ دوای رووداوەکە تیمە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی بەرگری بە هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی، دەستیانکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی کۆنترۆڵکردن و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئاگرەکە بکەن بۆ شوێن و کۆگاکانی دیکە.