چیرۆکى منداڵێکى کوردە

بۆ یەکەمجار؛ فیلمی سینەمایی “جیران” لە رۆژئاوای کوردستان نمایش دەکرێت

گەرناس عەمۆ_ رۆژئاواى کوردستان

بۆ یەکەمجار فیلمی کوردیی “جیران” لە دەرهێنانی سینەماکاری ناسراوی کورد، مانۆ خەلیل، لە شارى عاموداى رۆژئاوای کوردستان نمایش کرا.

نمایشکردنی ئەم فیلمە لە چوارچێوەی چالاکییەکانی “هەفتەی سینەمایی”دایە، کە وەک رێزلێنانێکە بۆ ئەو بەرهەمە دیارانەی بە زمانێکی هونەریی بەرز یادەوەریی کوردی و مرۆڤایەتییان بەدۆکیۆمێنت کردووە.

چیرۆکی فیلمی “جیران” دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، باس لە ژیانی منداڵێک دەکات بەناوی (شێرۆ) لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا. رووداوەکانی فیلمەکە ململانێی نێوان بێگەردیی منداڵی و سیاسەتەکانی سەرکوتکردن پیشان دەدات، هاوکات تیشک دەخاتە سەر بەهاکانی پێکەوەژیان، ئازادی و ناسنامە بە تێڕوانینێکی مرۆییانەی کاریگەر.

مانۆ خەلیل، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری فیلمەکە، بە یەکێک لە ناوە دیارەکانی سینەمای کوردی لە جیهاندا دادەنرێت. دوای تەواوکردنی خوێندنی مێژوو و یاسا لە دیمەشق، لە چیکۆسلۆڤاکیا بڕوانامەی لە دەرهێنانی سینەماییدا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1996ـەوە لە وڵاتی سویسرا نیشتەجێیە.

مانۆ خەلیل لەبارەى فیلمەکەوە بە 964ـى وت” ستایشێکی زۆری لەلایەن رەخنەگرانی سینەماییەوە بەدەستهێناوە و تا ئێستا لە زیاتر لە 200 فێستیڤاڵی جیهانیدا بەشداری کردووە، هەروەها فیلمەکە توانیویەتی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی باشترین فیلم، دەرهێنان، سیناریۆ و خەڵاتی جەماوەر بباتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح