رۆن و گریس و هایدرۆلیک سووتاوە
خاوەن پێشەنگایەکى ئۆتۆمبێل: ئاگرەکە کارەساتى ناوەتەوە
کاردۆست حوسێن- هەولێر
ئەو ئاگرەى لە بەیانى ئەمڕۆوە لە کۆگایەکى رۆن کەوتووەتەوە، زیانى زۆرى هەبووە و خاوەن پێشەنگایەکى ئۆتۆمبێلیش بە کارەسات ناوى دەبات.
ئاگرەکە لە پەرێزێکەوە سەرچاوەى گرتووە و دواتر پەڕیوەتەوە بۆ کۆگاى کۆمپانیایەک کە رۆن و گریس و هایدرۆلیکى تێدابووە و بە تەواوەتى سووتاندویەتى.
عەلى قادر کە خاوەنى پێشەنگایەکى ئۆتۆمبێلە بەرزەکانە و دراوسێ ئەو کۆگایەیە کە ئاگرى گرتووە، بە 964ـى وت،”ئەو کۆگایە گەورە بووە، رۆژانە شەش بارهەڵگر رۆن و گریس و هایدرۆلیک لەو کۆگایە ئاڵوگۆڕى پێکراوە”.
بە وتەى عەلى قادر، بەهۆى ئەوەى رۆن و گریس و هایدرۆلیکە، ئاگرەکە کوژاندنەوەى قورس بووە، هەر خۆڵى پێداکراوە و سەرى هەڵداوەتەوە.
دەشڵێت: ئەو ئۆتۆمبێلانەى لە پێشەنگاکانى نزیک ئاگرەکە بوون سەرجەمیان دەرکراون بۆ ئەوەى مەترسى نەکەوێتە سەریان، بەڵام هەندێکیان بە راکێشراون و زیانى زۆریان بەرکەوتووە.
“ئەوەى روویدا کارەساتە، زیانى زۆرى هەبووە و جارێ زیانەکانیش بە تەواوەتى نەزاندراون”، ئەو خاوەن پێشەنگایە واى وت.
لە بەیانى ئەمڕۆوە، ئاگر لە پێشەنگاکە کەوتووەتەوە بەهۆیەوە دوکەڵێکى زۆر ئاسمانى ناوچەکەى داپۆشى و بۆ ماوەیەکیش رێگاى سەرەکى نێوان هەولێر و کەرکوکى، داخست.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح