پێشتریش فێعلی خراپی زۆرکردووە

لە ناوچەی پیشەسازی کەلار هەرچی بەردەست کەوت دزی؛ دەستگیرکرا

شۆڕش قادری

پیاوێکی زل و زەبەلاح چووەتە ناوچەی پیشەسازی کەلار و هەرچی بەردەست کەوتووە، لەکۆڵی ناوە و دزیویەتی، پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد، ئەم دزە نالەبارە پێشتریش چەند فێعلێکی دیکەی کردووە و سزا دراوە بەڵام تەمبێ نەبووە.

“بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبار لە دوکانێک لە ناوچەی پیشەسازی، کێبڵ، کۆسەرەی کارەبا، هاردی کامێرا، شاشە و جیهازێکی گەورەی لەحیمکردنی دزیوە، هەروەها هەوڵی شکاندن و چوونەناو دوکانێکی دیکەشی داوە”، ئەمە قسەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیانە.

هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان توانیویانە تۆمەتبارەکە بە ناوی (م، ح، م) و لەدایکبووی ساڵی 1990 دەستگیر بکەن، لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

وەک پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، تۆمەتبار پێشتریش لەسەر تۆمەتی دزیکردن و تێوەگلان لە ماددە هۆشبەرەکان حوکمی خواردووە.