سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم :

“بەردەوامبونی کابینەی نۆیەمی حکومەت پێویستییەکی دەستووری و یاساییە”

فەرهاد حەسەن

سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، تاوەکو پەرلەمان و کابینەی 10 پێکدەهێندرێن، بەردەوامبونی کابینەی نۆیەمی حکومەت پێویستییەکی دەستووری و یاساییە بۆ رێگریکردن لە بۆشایی کارگێڕی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک.

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکایەتی داواکاریی گشتی هەرێمی کوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێکی کارا زیانێکی گەورەیە لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها پەککەوتن و گرفتی یاسایی لە زۆربەی دامەزراوە دەستورییەکاندا دروست دەکات، ئەوەش پەیوەندیی راستەوخۆی بە ماف و ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە و چارەسەرکردنی ئەم کێشانە تەنیا بە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت”.

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی، راگرتنی پڕۆسەی دادوەری بە جێگەی نیگەرانییەکی زیاتر لە دۆخی پەرلەمان وەسف دەکات، دەڵێت “دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنە و تەنیا یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، لەبەرئەوە داوا دەکات ئەم دەسەڵاتە لە هەر کێبڕکێ و ململانێیەکی حزبی دووربخرێتەوە”.

هەر بە پێی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه، ئاماژە بە (ماددەی 52 / بڕگەی دوو) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری کراوە، کە تێیدا کاری حزبایەتی لە دادوەران قەدەغە کراوە، بۆیە داوا لە دادگای پێداچونەوە دەکات دەست بەکاری ئاسایی خۆی بکاتەوە”.

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی پاڵپشت بە (ماددەی یەک / بڕگەی یەک و چوار) لە یاسای داواکاریی گشتی، داوا لە لایەنەکان و فراکسیۆنە براوەکان دەکات خواستەکانی خەڵک جێبەجێبکەن و دانیشتنی پەرلەمان ساز بکەن و هەنگاو بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێن.

ئەوەشی روونكردووه‌ته‌وه، “تاوەکو پەرلەمان و کابینەی 10 پێکدەهێندرێن، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەت پێویستییەکی دەستووری و یاساییە بۆ رێگریکردن لە بۆشایی کارگێڕی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵک”.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 10.7.2019 پێکهێندرا، سەرۆکایەتییەکەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت و بەهۆی هەڵبژاردن و چەقبەستویی سیاسییەوە کارەکانی وەک کابینەی کاربەڕێکەر بەردەوامە.