ناوەندی شاری بەغدای پایتەختی عێراق _ وێنە: ئاژانسەکان
لە عێراق
“هیچ پاشماوە یان حاڵەتێکی پیسبوونی تیشکی تۆمار نەکراوە”
ئەحمەد مستەفا
دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی، تیشکدان، کیمیایی و بایۆلۆژی عێراق رایگەیاند، سەرجەم پێوانە و خوێندنەوەکانی ئاستی تیشکە مەترسیدارەکان لە ناوخۆی عێراقدا لە چوارچێوەی ئاستی سرووشتیدان و هیچ پاشماوە یان حاڵەتێکی پیسبوونی تیشکی تۆمار نەکراوە.
ئەو ڕوونکردنەوەیە لەکاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە کە گوایەی بەهۆی پەلامارەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ژینگەی عێراق دووچاری پیسبوون بووە بەهۆی تیشکە ئەتۆمییەکانەوە.
سەباح حسێنی، جێگری سەرۆکی دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 22.7.2026 دەڵێ، ژووری ئۆپراسیۆنی ناوەندی بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکات و سیستەمەکانی چاودێری و هۆشداریی پێشوەختە لە سەرجەم پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکان بە درێژایی 24 کاتژمێر لە کارکردندان.
عێراق پشت بە سیستەمێکی کردەیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی یەکخراو دەبەستێت بۆ بەدواداچوونی هەر گۆڕانکارییەک، ئەو وتی، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین، تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان بە دوور بگرن لە پڕوپاگەندە و زانیاریی نادرووست.
تیشکی ئەتۆمی (تیشکدانی ناوکی) کاریگەریی ڕاستەوخۆ و درێژخایەنی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، ژینگە، و خانە زیندووەکان، کە دەکرێت ببێتە هۆی تێکدانی DNA و توشبوون بە شێرپەنجە یان مردنی خێرا لە کاتی بەرکەوتنی زۆردا.
ئیسرائیل و پاکستان تاکە وڵاتانی نزیک لە عێراقن کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، لە کاتێکدا چەندین وڵاتی تری دراوسێ خاوەنی پڕۆگرام یان وێستگەی وزەی ئەتۆمین بۆ مەبەستی مەدەنی.