دزەکان هەڵاتوون
ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی خورماتوو دۆزرایەوە
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئۆتۆمبێلە دزراوەکەی خورماتوو دۆزرایەوە بەڵام دزەکان هێشتا دەستگیر نەکراون.
رووداوەکە بەم شێوەیە بوو، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.7.2026 دوو دز هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لەگەڕەکی کۆماری خورماتوو و لەگەڵ بەتاڵانبردنی بڕێ پێنج ملیۆن دینار، ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکەشیان برد و هەڵاتن، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک دەروازەی باکوری قەزاکە دۆزییەوە.
عەمید بەدر فەحل بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت،” دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە، بەهاوکاری هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوان، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد و توانیمان ئۆتۆمبێلەکە لە دەروازەی باکووری خورماتوو بدۆزینەوە”.
وتیشی، پشکنین بۆ شوێنپەنجەی تۆمەتباران و کامێراکانی چاودێری ناوچەکە دەکەن و تاوەکو ئیستا هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەستگیریان بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری