23 ملیار دیناری دیکە لە پارەی گەندەڵی لە قەزای شەرگاتی سەڵاحەدین دەستی بەسەرداگیرا
"لە ماڵی بەڕێوەبەری ژمێریاری پاڵاوگەی بێجی"
23 ملیار دیناری دیکە لە پارەی گەندەڵی دەستی بەسەرداگیرا
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14.7.2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، هێزێکی تایبەت و دەستەی دەستپاکی عێراق گەمارۆی قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینیان دا و هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوبەری ژمێریاری پاڵاوگەی بێجی و بڕی 23 ملیار دیناری عێراقی لە ناو ماڵەکەیدا دەستی بەسەراگیرا.
موهەنەد عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی شەرگات بە964ـی وت، “هەڵمەتەکە لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانانە هاتووە کە عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا خستوویەتەڕوو، کە تێیدا ناوی ژمارەیەک بەرپرسی تێوەگلاوی لە دۆسیەکانی گەندەڵی ئاشکرا کردووە، کە بەڕێوبەری ژمێریاری پاڵاوگەی بێجی یەکێک بووە لە دیارترینیان”.
وتیشی، لەهەڵمەتەکەی ئێوارەی ئەمڕۆدا بۆ ماڵی بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری پاڵاوگەی بێجی بڕی 23 ملیار دینار دەستی بەسەرداگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، ناوی کەسانی دیکەش لە نێو بازنەی بەرپرسانی باڵادا ئاشکرا بکرێن.
تا ئێستا کۆی ئەو پارانەی پەیوەست بە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەستیان بەسەرداگیراوە، زیاتر لە 150 ملیار دینار و 24 ملیۆن دۆلارە، جگە لەوەش 375 کیلۆ زێڕ و بەدەیان ئۆتۆمبێلێ گرانبەها و موڵک و ماڵ دەستیان بەسەرداگیراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری