وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند

لە تەقینەوەکانی دیمەشقی سوریا 18 کەس بریندارن

ئەحمەد مستەفا

ئاژانسی هەواڵی سوریا “سانا” بەیانێکی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاندووە و دەڵێ، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت، 18 کەس بریندار بوون.

بە گوێرەی هەمان راگەیەندراو، لە نێو بریندارەکان چوار ئەندامی پۆلیس هەن.

ئەوەش وتراوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە 7.7.2026، پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە بۆمبەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی دروستکراون، یەکێکیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی راوەستاو دانراوە و ئەوی دیکەیان لە ناو تەنەکەیەکی خۆڵدا چێنرابوون.

هێزە ئەمنییەکان دوو بۆمبی چێنراوی دیکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام لە کاتی ئامادەکاری تیمە تایبەتەکان بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بۆمبەکان تەقیونەتەوە.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، شوێنی تەقینەوەکان لە دەرەوەی ئەو ناوچە ئەمنییەیە کە بۆ شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەڕەنسا دیاری کراوە.