لە ئێران
عێراق و کوردستان؛ ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتى بەشدارى بەخاکسپاردنى تەرمى خامنەییان کرد
964+
وریا فەتاح
رێوڕەسمی پرسەی رێبەری کۆچکردووی ئێران، عەلی خامنەیی، بەشدارییەکی بەرفراوان و هەمەجۆری عێراقی و کوردستانى بەخۆیەوە بینی، کە خۆی لە شاندە فەرمییە ئاستبەرزەکان و سەرکردە گەورەکانی دامەزراوە سیاسی و ئەمنی و چەکدارییەکانی وڵاتەکەدا دەبینیەوە.
لەسەر ئاستی فەرمی عێراق، شاندی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار، نزار ئامێدی، و شاندی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی هەیبەت حەلبوسی لە ڕێوڕەسمی پرسەکەدا بەشداربوون.
لە هەرێمی کوردستانیشەوە سێ شاند لە رێوڕەسمی پرسەکەدا بەشداربوون، یەکەمیان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و شاندەکەی تریش بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، محەمەدى حاجى مەحمود سەرۆکى پارتى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستانیش، بەشدارى کرد.
هەروەها شاندێکی حەشدی شەعبیش بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد، کە پێکهاتبوون لە سەرکردەکانی وەک فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، و ئەبو فەدەک محەمەداوی، سەرۆک ئەرکانی حەشد و چەند سەرکردەیەکی تر.
هاوکات، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لە پرسەکەدا بەشداربوون.
لەسەر ئاستی میحوەری موقاوەمەش، شاندەکانی بەرەى موقاوەمە بەشداربوون، وەک ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، و شاندێکی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی، و ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیبی سەیدولشوهەدا.
هەروەها شاندێک لە شێخانی عەشیرەتەکان و نوێنەرى مەزارگا پیرۆزەکان و بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانتارانی عێراق، لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەییدا بەشداربوون.