رافائێل گروسی:

“دستپێگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەندە بە دانوستانەکان”

964+

شۆڕش قادری

رافائێل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، دستپێگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەندە بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن.

رافائیل گروسی لە تازەترین لێدوانی خۆیدا رایگەیاند، دەستپێڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.

نەشیشاردەوە، تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام پێیانوایە دەبێ درک بەوە بکەن کە ئەو پرسە پەیوەندیی بە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەوە هەبووە.

گروسی راشیگەیاند، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی لەوە دڵنیاببنەوە کە کەی دەتوانن سەردانی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، بەڵام هیوای خواست دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە زووترین کاتدا دەستپێبكەنەوە.

پێشتر محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران رایگەیاندبوو، رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نادەن سەردانی بنکە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکان بکەن، ئەوان دەتوانن تەنیا دوو وێستگەی بوشەهر و تاران ببینن.