بارهەڵگرێک خۆى بە سێ ئۆتۆمبێلدا کێشاوە
لە رووداوێکى هاتوچۆدا کرێکارێک گیانى لەدەستدا
شڤان عەبدوڵا- زاخۆ
نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لەسەر رێگاى کۆمەڵگەى خرابابک بۆ سەنتەرى زاخۆ، بارهەڵگرێک کۆنتڕۆڵى لەدەستدا و خۆى بە کرێکارێک و سێ ئۆتۆمبێلدا کێشا، بەهۆیەوە کرێکارەکە گیانى لەدەستدا و چوار کەسى دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە کاتژمێر 12:00ـى نیوەڕۆى ئەمڕۆ روویداوە، لە کاتێکدا کرێکارەکە سەرقاڵى پاککردنەوەى لێوارى شەقامەکە بووە، لەناکاو بارهەڵگەرەکە کۆنتڕۆڵى لەدەستداوە و خۆى بە کرێکارەکەدا کێشاوە و دواتر چووەتە سایدى پێچەوانە و لەوێش خۆى بە سێ ئۆتۆمبێلدا کێشاوە کە دوان لە ئۆتۆمبێلەکان، وەستابوون و ئەوەى دیکەش خێزانێکى تێدابووە.
عەقید بێکەس، بەرپرسى بەشى هاتوچۆى ناوشارى زاخۆ بە 964ـى وت،” کرێکارەکە گیانى لەدەستداوە و چوار بریندارى تریش رەوانەى فریاکەوتنى زاخۆ کراون”.
روونیشى کردەوە کە برینى بریندارەکان سووکە و لەژێر چاودێریدان.
پێداچوونەوە ؛وریا فەتاح