پایتەختی نەورۆز ئەمساڵ سوپرایزیان هەیە

964+

زەید کۆچەر – ئاکرێ

ئاکرێ، کە بە پایتەختی نەورۆزیش ناوی دەرکردووە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ دەیەوێت جیاواز لە ساڵانی رابردوو دەربکەوێت، بەڕێوەبەری رۆشنبیری شارەکەش دەڵێت، سوپرایزمان هەیە.

ساڵانە هەموو کورد و کوردستانیان و ئەوانەی گرنگی بە یادەکانی نەورۆز دەدەن، بە تاسەوە لە چاوەڕوانی دیمەنەکانی ئاگری نەورۆزن لە ئاکرێ.

قەزای ئاکرێ، دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و ساڵانە لەسەر گردی سەرەکی قەزایەکە کوڕان و کچانی دەڤەرەکە بە مەشخەڵی ئاگرەوە سەر گردەکە دەکەون، ئەمەش دیمەنێکی تەواو جیاواز دەدات بە یادکردنەوەی نەورۆز.

بۆ ئەمساڵ، ئیدارەی خۆجێی شارەکە دەڵێت: سوپرایزمان هەیە.

دڵشاد عەلی ئاکرەیی، بەڕێوبەری رۆشنبیری ئاکرێ و ئەندامی لیژنەی باڵای یادەکانی نەورۆز لە ئاکرێ بە 964ـی وت، چەندین سوپرایزمان بۆ یادی نەورۆز ئامادەکردووە و هەموو خەڵک بە دیمەنەکان شۆک دەبن.

964 دەزانێت، سوپرایزەکەی نەورۆزی ئەمساڵی ئاکرێ ئەوەیە کە هیچ هونەرمەندێک داوەت نەکراوە، لە جێگەی ئەوان سی جی دادەنرێت، هەروەها لەنێوان هەردوو چیایی بەرامبەر ستەیجی “کەلێ ئاکرێ “ بە یاری ئاگرینی زەبەلاح و روناکی 3D رووبارێکی ئاگر شۆڕ دەکرێتەوە بۆ خوارەوە، بەرپرسانی خۆجێی شارەکەش دەڵێن “شتێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش پێشکەشی هەموو کەسێک دەکەین”.

دڵشاد عەلی ئاکرەیی دەشڵێت: بۆ بەیانی جۆرە روناکیەکی 3D بەکار دەهێنرێت کەوا بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت، هەروەها یاری زەبەلاحی ئاگرین لەلایەن ستافێکی تورکی ئامادەکراوە کە بۆ یەکەمجارە کەرنەڤالی بەمشێوە گەورەیە ئەنجامدەدرێت.

بۆ نەورۆزی ئەمساڵ، ئاڵایەکی کوردستان بە درێژایی 100 مەتر و پانی 12 مەتر لەسەر کەلی ئاکرێ دادەنرێت کە گروپی خۆبەخشی ئاکرێ ئامادەی کردووە، هەروەها گۆڕەپانی سەرێ گری بەهۆی یاری ئاگرین بەڕووی خەڵک قەدەغە کراوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق