فاروقی مەلا مستەفا ناوی چووە ناو گەورەترین گۆڤاری جیهانییەوە

964+

فەرمان سادق

گۆڤاری ‘Forbes’ ـی نێودەوڵەتی فاروقی مەلا مستەفا وەکو یەکێك لە 100 کەسایەتی سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشاندەکات بۆ ساڵی 2023.

فۆربیس، کۆمپانیایەکی بواری چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمەریکییە، خاوەنی بەناوبانگترین گۆڤارە بە هەمان ناوەوە، مانگانە لەسەر ئاستی جیهان ریزبەندی کەسایەتییەکان دیاری دەکات لە بوارەکانی کاریگەرترین و بەناوبانگترین و دەوڵەمەندترین و چەندین بواری تر.

لە راگەیەندراوێکدا کە گروپی کۆمپانیاکانی فاروق مەلا مستەفا بڵاوی کردۆتەوە، فاروقی مەلا مستەفا، دەڵێت: ئەم دانپێدانانە هەر شایەتییەک نییە لەسەر کاری جددییمان، بەڵکو هانی زیاترمان دەدات تا بەردەوامبین لە باشترکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە کوالیتییەکی بەرز بە نەخۆشەکانمان”.

فاروقی مەلا مستەفا، یەکێکە لە بەناوبانگترین سەرمایەدارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، خۆی و تیمەکەی شانازی بەوەوە دەکەن کە هەموو سەرمایەکەی لە عێراق و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی خستووەتە گەڕ، خاوەنی ئاسیاسێل و شاری پزیشکی فاروق و چەند بزنسێکی گەورەی ترە کە لە ژێر ناوی فاروق گروپ کۆبوونەتەوە.

شاری پزیشکی فاروق، گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی تایبەتە لەشاری سلێمانی لەسەر رووبەری 70,000 مەتر چوارگۆشە بیناکراوە، 210 قەرەوێڵە و زیاتر لە 190 پزیشک لەخۆدەگرێت.