دوو کەسى تریش دەسووتێن

دوێنێ لە دەشتی کۆیە، رووداوێکى هاتووچۆ دوو خوشکى هاوتەمەن لەیەک دادەبڕێت


دەریا ئەحمەد – کۆیە

وەستا سابیر خدر، جوتیارێکی تەمەن 71 ساڵی گوندی قازبەگیانە، دوێنێ بڕیار دەدات بە دەڕاسەکەی بچێتە سەر زەوییەکەی و گەنمی ئەمساڵیان دروێنە بکات. شێنێی تەمەن 10 ساڵ و شیرازی تەمەن هەشت ساڵ، لەگەڵ باوکیان سەردەکەون تا لە نزیکترین دووکانى سەر رێگاگە شیرینى بکرن.

پاش دروێنەکردنی یەکەم بار، وەستا سابیر گەنمەکە دەکاتە ناو عەرەبانەی تراکتۆرەکەی. لە رێگای گەڕانەوە و دوای کڕینی شیرینی لە دوکانەکە، شیراز لەپاڵ باوکیدا لەسەر تراکتۆرەکە دادەنیشێت و شێنێش دەچێتە سەر بارە گەنمەکە. لەو کاتە لە لێوارى رێگاکە بە هێواشی بەرەو ماڵ دەگەڕێنەوە، لەپڕ تانکەرێکی سوتەمەنى و تڕێلەیەکی چیمەنتۆ رووبەڕوو بەیەکدا دەکێشن و راستەوخۆ خۆیان بە تراکتۆرەکەی وەستا سابیردا دەکێشن.

بەهۆی هێزی پێکدادانەکەوە شێنێ فڕێدەدرێتە خوارەوە، شیرازیش دەکەوێتە ژێر تراکتۆرەکە. لە چرکەساتێکدا ئاگرێکی گەورە هەموو شوێنەکە دەگرێتەوە. وەستا سابیر سەرەڕای تەمەنە زۆرەکەی و بریندارییەکەی، بە نیوە هۆشیاری شێنێ بەناو دڕک و داڵدا رادەکێشێت و لە ئاگرەکە دووری دەخاتەوە، بەڵام بڵێسەی ئاگرەکە و سەختیی دۆخەکە رێگەی نادا بگەڕێتەوە بۆ رزگارکردنی شیراز. لەوێدا، شیرازی هەشت ساڵان کە تازە بۆ پۆلی دووەمی بنەڕەتی دەرچووبوو، لەگەڵ گەنمەکە، تراکتۆرەکە و هەردوو شۆفێری بارهەڵگرەکان بوونە خۆڵەمێش.
باوکەکە و شێنێ بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە رەوانەی هەولێر کران و دوای جێگیربوونی دۆخیان، ئێستا لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە خەوێندراون. تا ئەمڕۆش مەرگی شیراز لە باوکەکە شاردرابووەوە، بەڵام ئەمڕۆ راستییە تاڵەکەی پێگوترا. کارەساتە گەورەکە ئێستا ئەوەیە، هیچ کەسێک لە خزم و کەسوکار زات ناکات بە شێنێی 10 ساڵان بڵێت، ئەو خوشکەی دوێنێ پێکەوە شیرینیتان کڕی، بۆ هەمیشە جێیهێشتووی.

چیرۆکى ئەم رووداوە لە زارى شەماڵ حەمەد، ئامۆزاى سابیر خدر بۆ 964ن گێڕدراوەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح