لەکاتی تاقیکردنەوەی ئەرکێک بووە
فڕۆکەیەکی ئەمریکی تێکشکا و هەر هەشت سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا
فەرهاد حەسەن
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی جۆری (B-52) لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە بیابانی مۆهاڤی لە باشووری کالیفۆرنیا تێکشکا و هەر هەشت سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز دەکەوێتە دووریی نزیکەی 161 کیلۆمەتر لە باکووری لۆس ئەنجلس و بەشێکی زۆری پرۆسەی تاقیکردنەوە و پەرەپێدانەکانی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لەو بنکەیەدا دەکرێت.
جەیمس هێیز، جێگری فەرماندەی بنکەی ئاسمانیی ئێدواردز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی “ئێمە هەشت ئەمریکیی مەزنمان لەدەستدان.”
بنکە سەربازییەکە لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، فڕۆکەکە کاژێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی دوێنێ بە کاتی کالیفۆرنیا، لە کاتی ئەرکێکی تاقیکردنەوەی ئاساییدا لە بنکەکە کە دەکەوێتە باکووری لۆس ئەنجلس، کەوتووەتە خوارەوە.
بەپێی ئەو دیمەنانەی بلاوبوونەتەوە، دەردەکەوێت کە فرۆکەکە بەتەواوی سووتاوە و هیچی لێ نەماوەتەوە، دووکەڵێکی رەشیش لە رووبەرێکی گەورەی بیابانەکە لە نزیک رێڕەوی فڕینی بنکەکە بەرزدەبێتەوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاریش لە نزیک شوێنی رووداوەکەن.