ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: حەوت کەس لە یەک هێلیکۆپتەردا کوژراون
964+
دیسکی کوردی
کەمێک پێش ئێستا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لە بارەی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک یان زیاتر لە دهۆک و دەڵێن، لای ئەوان تەنیا کەوتنە خوارەوەی یەک هێلیکۆپتەر و کوژرانی حەوت کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
شەوی 15ی ئادار هەواڵی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک له ناحیەی چەمانکێی قەزای ئامێدی لە دهۆک بڵاوبووەوە، ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت حەوت کەس لەو رووداوەدا گیانیان لە دەست داوە کە ”سەر بە پەکەکەن”.
رۆژی هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایانگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان لە دهۆک کەوتووەتە خوارەوە، کە بە رێگهوە بوون بەرەو سلێمانی.
بەپێی راگەیەندراوی ناوەندی میدیایی هێزەکانی سوریای دیموکرات ”بەهۆی خراپی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکان کەوتوونەتە خوارەوە و نۆ شەڕڤان بە سەرکردایەتی فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر شەڕڤان کۆبانێ، گیانیان بەخشی”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات داوایان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کردبوو، هاوکارییان بکەن لە رادەستکردنەوەی تەرمی شەڕڤانەکانیان.
راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە کاتێکدایە، کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک یان زیاتری هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شەوی 15ی ئادار لە ناو خاکی هەرێم مشتومڕی زۆربە دوای خۆیدا هێنا.