"پاش کارەساتەکەی رووباری دیجلە"

پۆلیسی سەڵاحەدین بە تابلۆ و پۆستەر روبارەکانی کۆنترۆڵکرد

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان فەرماندەی پۆلیسی سەڵاحەدین و بەشی پۆلیسی رووبارەکان هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوەیان دەستپێکردووە بۆ دانانی تابلۆ و پۆستەری تایبەت بە رێنماییەکانی سەلامەتی لە نزیک دەریاچە و روبارە مەترسیدارەکان.

ئامانجی ئەوان ئەوەیان خەڵک لەوە هۆشیاربن لەو ناوچە مەترسیدارانە مەلە نەکەن، تا لە خنکان بە دوور بن.

ئەمڕۆ هەینی، محەمەد، عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی خورماتوو بە964ـی وت، لەم هەڵمەتەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە پێویستە گەنجان و مێرمنداڵان خۆیان بەدور بگرن لە مەلەکردن لەو ناوچانەی کە بۆ مەلەکردن دیارینەکراون و دانانی تابلۆ و پۆستەری هۆشیاری لە نزیک ئاوەکان بەشێکە لە هەوڵەکانمان.

ئەو هەڵمەتە پاش کارەساتەکەی هەفتەی رابردوو دێت، کە تێیدا حەوت ئەندامی دوو خێزان، کە لەبەغداوە رویان کردبووە شاری تکریت، لەسەر رووباری دیجلە خنکان.

ئێستا گەرما زیاتر هەڵدەکشێ و خەڵکیش مەلەکردن وەک ئامڕازێک بۆ خۆفێنکردنەوە دەبینن، ئەو وتی، بۆیە دەزگا ئەمنییەکان داوا دەکەن هاوڵاتیان بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە، پابەندی رێنماییەکان بن.

لە ماوەی مانگی ئازار بۆ حوزەیرانی ئەمساڵ، تەنیا لەماوەی سێ مانگدا 13 کەس لەرووبار و سەرچاوەکانی ئاوی قەزاو ناحییەکانی سنووری پارێزگای سەڵاحەدین خنکاون.