چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر 21 ژەنیاری نوێی مۆسیقای پێگەیاند

964+

فەهمی نەبی

چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر کۆنسێرتێکی مۆسیقای بۆ 21 ژەنیاری تازە پێگەیشتوو ئەنجامدا.

ئەو ژەنیارە نوێیانە، ماوەی هەشت مانگە لەلایەن پێنج مامۆستاوە راهێنانیان پێدەکرێت، لەسەر هەریەکە لە ئامێرەکانی پیانۆ، کەمان، دەف و کلارنێت.

چالاکیەکە لە چوارچێوەی 13-یەمین ڤیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز لە هەولێر ئەمڕۆ 18.3.2023 لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان بەڕیوەچوو.

کاوە عەبدوڵلا، سەرپەرشتیاری تیپی چالاکی قوتابخانەکانە بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە راهێنان بەو تیپە دەکەین، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن تەنیا رۆژانی هەینی دەهاتن، ئێستا ئەو پۆلە ژەنیارە بونەتە ئەندامی تیپی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر.
کاوە عەبدوڵلا، کە مامۆستای مۆسیقایە ئەوەشی وت “هەر پێنج مامۆستاکە بەبێ هیچ بەرامبەرێک کاریان کرد بۆ پێگەیاندنی ئەو پۆلە قوتابیە، ئەمڕۆ بەرهەمەکەی بینرا”.
چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی هەولێرە و هەموو هاوینێک خولی پێگەیاندن بۆ قوتابیان دەکاتەوە، لەهەریەکە لە بوارەکانی مۆسیقا، شێوەکاری و شانۆ ئەنجامدەدات.