گەرما روو لە پارێزگاکان دەکات

کەشناسی عێراق پێشبینی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەکات

فەرهاد حەسەن

بەپێی راپۆرتێکی کەشناسی عێراق لەئەمڕۆ بەدواوە پێشبینی بارانبارینێکی کەم لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و گەرماش روو لە پارێزگاکانی عێراق دەکات.

راپۆرتەکە، ئەمڕۆ شەممە 30.5.2026 لەلایەن بەشی پێشبینییەکانی دەستەی گشتی کەشناسی و بەدواداچوونی بومەلەرزەزانییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا عێراق کەشوهەوای سەقامگیر دەبێت و زۆربەی ئاسمانەکانی روون دەبێتەوە و هەندێک هەوری پەرش و بڵاو دەبیندرێن.

لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پێشبینی بارانبارینێکی کەم دەکرێت پلەکانی گەرما لە چەند رۆژی داهاتوودا وردەوردە بەرزدەبێتەوە و گەرماکەش روو لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەکات، لە رۆژدا گەرم دەبن، لە شەو و بەیانی زوودا پلەکانی گەرما سووکتر دەبن.