مەسەلە چییە؟
گیا و گوڵەکانی باخچەکەی رانیە زیانیان هەیە
فەرمان مەلاحەسەن – رانیە
ئەو باخچەیەی دەکەوێتە شەقامی فەرمانگەی پاسپۆرتی رانیە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و هاوڵاتیان بۆ پشوو و هەروەها کاتبەسەربردن سوودی لێ وەردەگرن، بەڵام ئەندازیارێکی کشتوکاڵییش دەڵێت، بەشێکی گیا و گوڵەکانی باخچەکە بژارن و زیانیان بۆ چیمەنی باخچەکە هەیە.
مەلامحەمەد کە دراوسێی باخچەکەی شەقامی پاسپۆرتە لە رانیە، بە 964ی وت، باخچەکە زۆر بە باشی خزمەت دەکرێت، بەڵام خەڵکانێک پیسی دەکەن و پاشماوەی خواردی لێ فڕێدەدەن.
مەلامحەمەد کە بەوە ناسراوە قورئانخوێنە، دەشڵێت، باخچەکە دیمەنێکی جوانی بە گەڕەکەکەیان بەخشیوە و سوودی زۆری هەیە، داواکاریشە هاوڵاتیان بیپارێزن.
بابەتێکی دیکەی باخچەکە، بەشێکی ئەو گیا و گوڵانەیە کە تێیدا شین بوونە و بە قسەی غازی رەسوڵ، کە ئەندازیاری کشتوکاڵییە و بۆ 964 قسەی کردووە، گوڵەکانی ناو باخچەکە زیانیان بۆ چیمەنەکەی هەیە.
غازی دەڵێت، بەشێکی گیا و گوڵەکان بژارن و لەخۆیانەوە شین بوون، بۆیە زیانیان هەیە و کاریگەری لەسەر چیمەنی باخچەکە هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا