لەگەڵ عەلی ئەلزەیدی کۆبووەوە

مەسرور بارزانی لە بەغدایە و چەند دۆسیەکی بەدەستەوەیە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا، لە یەکەم وێستگەشیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق عەلی ئەلزەیدی کۆبووەوە.

راگەیاندنی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 23.5.2026 بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت.

سەرۆک وەزیرانی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی ئەلزەیدی کۆبووەوە و هێشتا وردەکاری و ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی راگەیاندراوی یەکەمی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکاندا، وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، تاوتوێ دەکات.

مەسرور بارزانی دوای دوو ساڵ بۆ یەکەمجارە دەچێتە بەغدا و دواسەردانی لە 30.5.2024  بوو.