ئینستاگرام
لە رانیە گەنجێک بە تۆمەتی دروستکردنی هەژماری ساختە و هەراسانکردنی ژنان دەستگیرکرا
وریا فەتاح
هێزەکانی نەهێشتنی تاوان لە قەزای رانیە، گەنجێکیان دەستگیرکردووە کە بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ هەژمارێکی ساختەی بە ناوی کەسێکی دیکەوە بەکارهێناوە بۆ هەراسانکردنی ئافرەتان.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی راپەڕین، رووداوەکە دوای ئەوە ئاشکرا بووە کە هاووڵاتییەک سەردانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی لە رانیە کردووە و سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، کەسێک وێنەی سکاڵاکاری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئینستاگرام” بردووە و لە تۆڕی “سناپچات” هەژمارێکی ساختەی بە ناو و وێنەکەی ئەو دروستکردووە، ئەم کارەش بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ بەردەوام بووە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای بەدواداچوون، هێزەکانیان توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن کە گەنجێکی تەمەن 22 ساڵە بە ناوی (پ. هـ. ح).
دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە لەبەردەم پۆلیس و دادوەردا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرایکردووە کە لە رێگەی ئەو هەژمارە ساختەیەوە چاتی لەگەڵ چەندین ژن و کچ کردووە و هەراسانی کردوون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2 لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، تۆمەتبارەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەگەڵیدا بەردەوامە.