"تاقەتمان نەما"
خانەنشینانی سەربازی بە گیرفانی بەتاڵ رۆیشتنەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ خانەنشیانی سەربازی لەبەردەم بانکەکانی سلێمانی کۆبوونەوە بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان، بەڵام تا ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
سێشەمەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی چواری بڵاوکردەوە و وتی چوارشممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا خانەنشینانی سەربازی مووچەیان وەرنەگرتووە و دەڵێن، تاقەتمان نەما ئەوەندە بێین و بە دەست بەتاڵی بڕۆینەوە.
خانەنشینێکی پێشمەرگە بە 964ی وت، 21 ساڵ خەباتم کردووە و پەنجەیەکم سەقەت بووە، شەڕ نەماوە نەیکەم، دۆخ و گوزەرانمان لەسەر ئەم مووچەیە و ئەوەشمان پێنادەن.
“کرێچیم و دوو مانگە کرێی خانووم نەداوە، چەند جارە لە تەقتەقەوە دێم و مووچە وەرناگرم” ئەمە قسەی خانەنشینێکی دیکەیە و وتیشی، “بە تورەکە پارە دێنن بۆ ئەم بانکە و دابەشی ناکەن، لە شەڕدا هاوەنم بەرکەوتووە و ئەمەش پاداشتەکەمانە”.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح