گیانلەدەستدان هەیە

بومەلەرزەیەک چینى هەژاند؛ 7 هەزار کەس ماڵ و حاڵیان جێهێشتووە

وریا فەتاح

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 18ـى ئایارى 2026،  بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلە بەپێوەری رێختەر هەرێمی گوانگشی لە باشووری رۆژئاوای چینی هەژاند. بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 7 هەزار کەسیش لە شاری لیوژۆ ناچار بوون ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان چۆڵ بکەن.

کەناڵی (CCTV) و ئاژانسی هەواڵی (شینخوا)ـی فەرمی چینى ئاشکرایان کردووە، تا ئێستا گیانلەدەستدانی دوو کەس پشتڕاست کراوەتەوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە. هەروەها چوار کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون، بەڵام برینەکانیان سەخت نییە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە.

کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV) بڵاویکردەوە، هەر بەهۆی بومەلەرزەکەوە کە لە بەرەبەیانی زوودا روویداوە، 13 باڵەخانە و تەلاری نیشتەجێبوون داڕماون.

لە کاتێکدا پرۆسەی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکەدا بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی هێڵی ئاسنینی چین هۆشدارییان داوە لە دروستبوونی ئاستەنگ لە گەشتەکانی شەمەندەفەر و لە ئێستادا سەرقاڵی پشکنینی ژێرخانی هێڵەکانن بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان.

سەرەڕای ئەمانە، میدیاکانی دەوڵەت ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێڵەکانی پەیوەندیکردن، تۆڕەکانی کارەبا، دابینکردنی ئاو و غاز، هەروەها هاتوچۆی گشتی لە ناوچە زیانپێکەوتووەکاندا بە شێوەیەکی ئاسایی کار دەکەن و کێشەیان تێدا دروست نەبووە.