هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ پاراستنی ژینگەی پارێزگاکە دەستیپێکرد
دهۆک لە پاشماوەی گەشتیاران پاک دەکرێتەوە
ژێوار خدر
لەژێر دروشمی “ژینگەی دهۆک ماڵی هەموومانە”، هەڵمەتێکی گەورە بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی گەشتیاران لە ناوچەی قەسارا دەستیپێکرد و چەندین فەرمانگەی جیاوازی پارێزگاکە تێیدا بەشداربوون.
پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی نێوان پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوان، ڤێتێرنەری و تاقیگەی بیناسازی، دەستکرا بە پاککردنەوەی سنوری قەزای دهۆک، ئەم چالاکییە لەسەر راسپاردەی پارێزگار ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی گەشتیاران رووی تێدەکەن لە پاشماوەکان پاک بکرێنەوە.
دەشڵێت، لەم هەڵمەتەدا کە کۆمپانیای “ئەلبیئە” بۆ پاقژکردنەوە تێیدا بەشدارە، سەرجەم ئەو زبڵ و پاشماوانەی لە ناو سروشتدا مابوونەوە کۆکرانەوە، پارێزگا جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەڵمەتانە بۆ پاراستنی سیمای سروشتی ناوچەکە بەردەوام دەبن و کار دەکرێت بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچە گەشتیارییەکان بە خاوێنی بمێنێتەوە.