ئەمڕۆ هەڵەبجەییەکان دەچن

نزیکەی دوو هەزار حاجی گەیشتوونەتە مەککە؛ داتای ئەوقافە


شانیا بێستون

ئەمڕۆ چوارشەممە 13.5.2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیانی کوردستان بە سەرکەوتووی بەردەوامە، تا ئێستاش نزیکەی 2000 حاجی بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککە.

ئەمڕۆش یەکەم کاروانی حاجیانی پارێزگای هەڵەبجە، کە ژمارەیان 147 حاجییە بەرەو ماڵی خودا بەڕێدەکەون.

وەزارەتەکە دەڵێ، بۆ ئاسانکاری ئەرکی حاجیان و یەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی ئەمساڵ، گواستنەوەی جانتا و کەلوپەلەکانی حاجیانە لە ماڵەکانیانەوە تا بەردەم ژووری مانەوەیان لە سعودییە.

لە هەمانکاتدا تیمێکی تەندروستی بەردەوام لە ئەرکدا دەبن بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندروستی حاجیان، هەروەها سێ ژەم خواردن لەلایەن شێفی کوردەوە لە 22 بۆفیەی کراوەدا پێشکەشدەکرێ.

وەزارەتی ئەوقاف دڵنیای دەداتە ئەو هاوڵاتیانەی ئەمساڵ ناویان بۆ حەج هاتووەتەوە، پڕۆسەکە بەبێ گرتفت، بە گوێرەی خشتەی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و بڕیارە 17ـی ئەم مانگە کۆتا کاروانی حاجیان بەرەو سعودییە بەڕێبکەوێت.