نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم:
“لەیلا قاسم پێشەنگی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا”
شۆڕش قادری
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەیلا قاسم مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا.
بۆ 52ـیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “لەیلا قاسم، تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا، ئەو بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته قوربانى”.
دەشڵێت، خەباتی لەیلا قاسم كه بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، ههر لە شاری خانەقینەوە تا زانکۆی بەغدا و تا دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا، وەک وانەیەکی خۆنهويستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانیياندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە خوارەوە؛
ئەمڕۆ به ڕێزهوه يادى کچە تێکۆشەری کورد شههيد (لەیلا قاسم) و هاوڕێکانی دهكهينهوه كه بهرله (52) ساڵ لەپێناو ئازاديی و سەرفرازيى کوردستاندا ڕووبەڕووی سێدارە بوونەوە و شههيد كران.
لەیلا قاسم، تەنها سیمبۆلێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو مەشخەڵی هۆشیاری و پێشەنگیی ئافرهتانی کوردستان بوو لە خەبات و قوربانیداندا. ئەو بە خۆڕاگریی بێوێنەی لە زیندان و لەبەردەم پەتی سێدارەدا، سەلماندی کە ژنى کورد خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایینە و ئامادەیە لەپێناو ئازادی و شكۆى گەلەکەیدا، گیانی بکاته قوربانى.
خەباتی لەیلا قاسم كه بووە نموونەی شکۆ و بڕوابەخۆبوون بۆ هەموو نەوەکانی دوای خۆی، ههر لە شاری خانەقینەوە تا زانکۆی بەغدا و تا دوا چرکەی ژیانی لە زیندانەکانی ڕژێمی بەعسدا، وەک وانەیەکی خۆنهويستى و خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بۆ هەمیشە لە ویژدانی کورد و كوردستانیياندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم یادە بهئازارهدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و سڵاو بۆ كهسوكارى سهربهرزيان دهنێرين