"نزیکەی 3.7 هەزار ملیار تمەنی پێویستە"
ئێران دەستیکرد بە چاککردنەوەی بەرزەپردەکەی نێوان تاران – کەرەج
شۆڕش قادری
ئێران دەستیکرد بە چاککردنەوەی بەرزەپردەکەی نێوان تاران – کەرەج و کاربەدەستدانی وڵاتەکەش دەڵێن، نۆژەنکردنەوەی پردەکە نزیکەی 3.7 هەزار ملیار تمەنی پێویستە.
میدیای ئێران ڤیدیۆی کارکردنی تیمەکانی رێگاوبانی لەسەر بەرزەپردی B1ـی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، چاکردنەوەی پردەکە دەستیپێکردووە کە بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی بەرکەوت.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دروستکردن و پەرەپێدانی رێگاوبانی ئێران رایگەیاندووە، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان نۆژەنکردنەوەی پردەکە 3.7 هەزار ملیار تمەنی پێویستە و هەوڵ دەدەن لە کەمتر لە ساڵێکدا بیخەنەوە سەرپێ.
بەرزەپردی B1، تارانی پایتەخت و کەرەج بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەرزییەکەی 136 مەترە و هەزار و 50 مەتریش درێژە، بە یەکێک لە باشترین پردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە و بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و قەرەباڵغی ناو تاران دروستکردوە، پێش ئەوەی بکرێتەوە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.