دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

دوای یەک مانگ لە ئاگربەست بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران هێشتا لە شەڕە قسەدا ماونەتەوە

شۆڕش قادری

ئاگربەستە دوو هەفتەییەکی ترەمپ مانگێکی تێپەڕاند و تا ئێستا، جگە لە هەڕەشە و شەڕە قسە هیچی لێ سەوز نەبووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، “قسەی زۆر باشمان لەگەڵ ئێرانییەکان کردووە و ئەگەری زۆر هەیە بگەینە رێککەوتن لەگەڵیان، کوشتنی سەرکردە باڵاکانیان بۆ من، گۆڕینی رژێمە”.

ترەمپ دەشڵێت، ئێرانییەکان بە تەواوەتی ئیفلیج بوون و ناتوانن هیچ کەشتییەک ببەنە ناوەوە وڵاتەکەیان یان بیهێننە دەرەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران گوێڕایەڵی هۆشدارییەکان نەبووە و ویستوویەتی گەمارۆی سەر بەندەرەکان بشکێنێت، بۆیە بە فڕۆکەیەک لە جۆری “سوپەر هۆرنێت” تەقەیان لێکردووە و نەیانهێشتووە بگاتە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عومان.

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکی دەنگیدا رایگەیاند، شەڕ چووەتە قۆناغێکی نوێ و دەبێ بە جیهادیی وڵات بەڕێوەببەن.

دەشڵێت، “سەرکەوتنی کۆتایی لە شەڕدا ئێران دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی”.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستانی چین، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی متمانەی بە چین هەیە و هیوادارە پەکین بەردەوام بێت لە رۆڵی کارای خۆی لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن.

هەر بەیانی زووی ئەمڕۆ لەسەر رێگای کەربەلا – بەغدا رووداوێکی هاتوچۆی سەخت روویدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان تیایدا حەوت خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە کە دەیانویست بۆ تاقیکردنەوە بچنە بەغدا.

دەرەنگانی شەوی رابردوو شۆفێرانی پاس لە کەرکوک دژی نەبوونی غاز گردبوونەوە و رایانگەیاند، “حکومەت بە زۆر ئۆتۆمبێلەکانی پێ کردین بە غاز، ئێستاش دەبێت چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە”.

ئێوارەی دوێنێ یەکەم حاڵەتی خنکان لە بەنداوی بەستۆر تۆمار کرا کە مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بووە و کاتێک بۆ گەشت و سەیران لەگەڵ خێزانەکەی چووبوونە سەر بەنداوەکە، مەڵەکی کردووە و خنکاوە.

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی بەغدا رایگه‌یاند، ده‌ستیان به‌سه‌ر زه‌وییه‌كی كشتوكاڵیدا گرتووه‌ كه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی 13 دۆنمه‌ و رووه‌كی ماده‌ی هۆشبه‌ری “داتوره‌”ی تێدا چێندراوه‌.