“شاندی کۆنیفا به‌ یاریگه‌كانی دهۆك و زاخۆ سه‌رسام بوون”

964+
عەمار عەزیز – دهۆک

شاندی فیدراسیۆنی تۆپی پیًی نوێ “كۆنیفا” له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ دهۆك و زاخۆ، سه‌رسامیی خۆیان به‌ یاریگه‌كانی ئه‌و دوو شاره‌ ده‌ربڕی.

شاندی كۆنیفا، كه‌ دوێنێ گه‌یشتنه‌ هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی دهۆك و زاخۆیان كرد و یاریگه‌كانی ئه‌و دوو شاره‌یان به‌سه‌ركرده‌وه‌، كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵیاندا سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان و شاندی فیدراسیۆنه‌كه‌ش له‌گه‌ڵیاندا بوون.

پێر ئەندرێس بلیندی سوێدی، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆنیفا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، “ناتوانم گەرەنتی 100% بدەم هەرێمی کوردستان میوانداریی جامی جیهانیی هه‌رێمه‌كان له‌ 2024 ده‌کات، چه‌ند هه‌رێمێك ركابه‌ربوون بۆ ئه‌م میواندارییه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمێكی فلیپین ماون، بەم زووانه‌ش بڕیاری کۆتایی دەدرێت”.

سیروان نەجمەدین سكرتێری فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌ تۆڕی 964ی وت، “مەبەستی سەردانی شاندی کۆنیفا بۆ سێ شت بوو، پشکنین بۆ یاریگه‌كان، لایەنی ئاسایش ئەمنی و هه‌روه‌ها تەندروستی”.

وتیشی، “لە رووی تەندروستییه‌وه‌  دڵنیامان کردنه‌وه‌ هەر تیپێکی دەرەوە بێتە کوردستان هەموو شتێکی لە رووی تەندروستییه‌وه‌ بۆ دابین دەکەین، لە رووی ئاسایشه‌وه‌ ئەوان سەرەتا توزێک دوو دڵ بوون، چونكه‌ هەرێمی کوردستان سەر بە عێراقە، بەڵام کە هاتنە کوردستان بە تەواوی له‌ ره‌وشه‌كه‌ دڵنیابوون”.

“شاندەکەی کۆنیفا باوەریان نەدەکرد ئەم جۆرە یاریگه‌یانه‌ لە هەرێمی کوردستان هه‌ن، به‌ یاریگه‌كانی دهۆك و زاخۆ سه‌رسام بوون”، سیروان نه‌جمه‌دین وای وت.

سكرتێری تۆپی پێی كوردستان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، “سەرۆکی کۆنیفا %100 لەگەڵ ئەوەیە پاڵه‌وانیه‌تیی كۆنیفا لە هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام دواجار ئەوە دەمێنێتەوە بڕیاری کۆتایی چۆن ده‌بێت، كه‌ ئه‌م مانگە یان سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو بڕیاری کۆتایی ده‌درێت.

هه‌رێمی كوردستان دۆسیه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی هه‌رێمه‌كان بۆ ساڵی 2024، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییان پێشان داوه‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ میوانداریی بكه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا