وێنەکان ببینە

قوتابی و مامۆستا له‌ دهۆك پێكه‌وه‌ پایسكلسوارییان كرد

964+
هەژین فه‌تاح – دهۆك

ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک کولیژی پەروەردەی جەستەیی و زانسته‌ وه‌رزشییه‌كان، پێشبڕکێیەکی پایسکلسواری بۆ سەرجەم زانکوکانی پارێزگای دهۆک بۆ مامۆستا و قوتابیان ساز كرد، پێشبڕكێیه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێكیش كراوه‌ بوو.

پێشبڕكێیه‌كه‌ له‌ جادەی ماڵتا بۆ زرکا بوو، تیمه‌كانی پۆلیس و ئاساییش و ته‌ندروستی بۆ پاراستنی به‌شداربووان ئاماده‌بوون.
له‌ پێشبڕكێیه‌كه‌دا 82 کەس بوو، 15 کچ و 57 کوڕ، هه‌روه‌ها 10 مامۆستای زانكۆش به‌شداربوو.
به‌ پێی پلانی پێشبڕكێیه‌كه‌، ده‌بوو به‌شداربووان تا سەنتەری دهۆک و پارکی نەورۆز بڕون، به‌ڵام به‌هۆی بارانبارین و تێکچوونی رێگه‌، تا زرکا رۆیشتن.
قه‌حتان عه‌دنان، مامۆستای وەرزشی لە زانكۆی دهۆک بۆ تۆڕی 964 وتی، “ئێمه‌ پایسكل لێده‌خوڕین بۆ ژینگه‌یه‌كی پاكتر، هاندانێكیشه‌ بۆ خه‌ڵك، تا كه‌متر ئۆتۆمبێل به‌كاربهێنن و ببێته‌ كولتوورێك”.

وتیشی، “ئێمه‌ وه‌ك ژماره‌یه‌ك مامۆستای وه‌رزشی پایسکل بۆ چوونه‌ دەوام  به‌كار ده‌هێنین، به‌شێكی زۆری قوتابیه‌كانیشمان بە پایسکل دێنه‌ دەوام، ئامانجی ئێمە ئەوەیه‌ که‌ ببینە خاوەن ژینگەیەکی پاک، چونكه‌ زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل وای کردووە ژینگە پیس ببێت، جگە لەوەی پایسکل بو ژینگە باشە و بۆ ته‌ندروستی مرۆڤیش به‌سووده‌”.
هه‌موو ساڵێك ئه‌م پێشبڕكێیه‌ له‌ دهۆك دێته‌ ئه‌نجامدان، كه‌ له‌ رۆژی جیهانیی ژینگه‌دا له‌ 15ی نیسان ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی هاوكاتبوونی له‌گه‌ڵ رۆژانی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، پێشبڕكێیه‌كه‌ پێشخرا.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵلا